2 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
ئەڵمانیا: زیرەكیی دەستكرد ڕەخساندنى هەلی كارى لەلایەن كارگەكانەوە كۆتاییپێهێناوە
پەیام
حكومەتی ئەڵمانیا هۆشدارییەكی توند دەداتە كرێكاران و خاوەنكارەكان لە سەرتاسەری جیهان كە بەهۆی پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكردەوە، بازاڕی كار ڕووبەڕووی زیانێكی گەورە دەبێتەوە و سەردەمی دروستكردنی هەلی كار لەلایەن كارگەكانەوە كۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ شەممە، كارستن ڤێلد بێرگەر، وەزیری دیجیتاڵیی ئەڵمانیا لە لێدوانێكدا بۆ میدیای وڵاتەكەی، ئەو پێشهاتەی بە ئاڵنگارییەكی گەورە ناو برد و داوای لە خاوەنكار، سەندیكاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كرد بۆ دووبارە داڕشتنەوەی داهاتووی كۆمەڵگە یەكبگرن.
وەزیرە ئەڵمانییەكە ڕەتكردنەوەی زیرەكیی دەستكردی بە خراپترین كاردانەوە ناو برد، چونكە وەستاندنی مەحاڵە، جەختیشی كردەوە، دەبێت كۆمەڵگە هەموو هەوڵێك بدات بۆ قازانجكردن لەم تەكنەلۆژیایە، بەتایبەت كە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین جۆری نوێ لە هەلی كار.
بەپێی وتەكانی ڤێلدبێرگەر، ئەگەر ئەڵمانیا پێشەنگ بێت لە بەكارهێنانی ئەم تەكنەلۆژیایەدا، ئەوا گەشەیەكی ئابووریی زۆر خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش داهاتی باج بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات كە دەتوانرێت بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی بازاڕی كار بەكار بهێنرێت. بەپێچەوانەوە وەرنەگرتنی سوود لە زیرەكیی دەستكرد كارەسات دروست دەكات و بازاڕ ڕووبەڕووی زیانی گەورە دەبێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا، وەزیری دیجیتاڵی ئەڵمانیا پێشنیازی كرد كە دابینكردنی "داهاتی بنەڕەتیی بێمەرج" دەبێتە بەشێك لە چارەسەرەكە بۆ ئەو كەسانەی كارەكانیان لەدەست دەدەن، وتیشی: "مرۆڤ پێویستی بە چالاكییەكە مانایەك بە ژیانی بدات، چونكە هەركەس لەماڵەوە دابنیشێت و تەنیا سەیری ڤیدیۆ بكات بێگومان شێت دەبێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە