1 کاتژمێر پێش ئێستا
165 جار خوێنراوەتەوە
ستارمر: ناچینە جەنگەوە و ڕێگری لە داخستنی گەرووی هورمز دەکەین
کیێر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی نابێتە لایەنێک لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات پلانێکی (٥) خاڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی وزە و دەریاوانی ئاشکرا کرد.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ناو جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و وتی: "ئەمە جەنگی ئێمە نییە و ڕێگە نادەین بخزێنرێینە ناو ئەم ململانێیە". ستارمر ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکەوتەکانی ئەم ئاڵۆزییانە بە ڕوونی کاردەکاتە سەر ناوخۆی بەریتانیا، بۆیە ئەولەویەتی حکومەتەکەی کارکردن دەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر هێڵە بازرگانییەکان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە پلانێکی (٥) خاڵییان بۆ دەربازبوون لە تەنگژەی داخستنی گەرووی هورمز ئامادە کردووە. ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕۆژانە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی و سەلامەتیی کەشتییەکان.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کرد بۆ هەماهەنگیی سیاسی و سەربازی تاوەکو لە کاتی وەستانی هێرشەکاندا ئامادەی جوڵە بن. ستارمر جەختی لە پێویستیی نزیکبوونەوەی زیاتر لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی "ناتۆ" کردەوە لە بوارەکانی بەرگری، ئاسایش و وزەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە