2 رۆژ پێش ئێستا
213 جار خوێنراوەتەوە
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت ترەمپ بوەستێنرێت
پەیام
محەممەد بەرادعی، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، دۆناڵد ترەمپ لە ڕەفتارەکانى بوەستێنرێت تاوەکو ناوچەکە نەبووەتە ئاگر.
لە پۆستێکیدا لەسەر ئێکس، بەرادعی کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیشە، نووسیویەتی: "بۆ حکومەتەکانی کەنداو: جارێکی دیکە تکایە ئەوەی لەتوانایاندایە بیکەن پێش ئەوەی ئەم شێتە هەرێمەکە بکاتە تۆپێکی ئاگر".
ئاماژەى بە کاتەکەى ترەمپ کرد کە بۆ کردنەوەى گەرووى هورمز دایناوە و رۆژى دووشەممە کۆتایی دێت ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت "دۆزەخ بەسەر ئێراندا دەبارێت".
هەروەها بەرادعی پەیامێکى ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکانی چین و روسیا و ئەنجومەنی ئەوروپا و سەرۆکی فەرەنسا کردووە و دەڵێت "ئایا "ناتوانرێت شتێک بکرێت بۆ ئەوەی ئەم شێتییە بوەستێنرێت؟!".
محەمەد بەرادعی، سیاسەتمەداری پێشووی میسری تەمەن ٨٣ ساڵ، لەساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٩ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بووە و سەرکردایەتی چەندین دانوستانی گرنگی لەگەڵ ئێران کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بەرادعی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا هۆکاری لەشکرکێشییەکەی ئەمریکای بۆ سەر عێراق خستبووە ژێر پرسیارەوە، هۆشداری دەدات لە"تێچووی ترسناک"ی "جەنگی هەڵبژاردن"ی ترەمپ لەدژی ئێران و ڕایگەیاندووە، واشنتۆن بەڵگەی نەخستۆتەڕوو کە تاران "مەترسییەکی هەنووکەیی" دروستبکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە