2 کاتژمێر پێش ئێستا
171 جار خوێنراوەتەوە
هۆشداری لە پەرەسەندنی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت
پەیام
ڕێبەری حووسییەكانی یەمەن بەبێ باسكردنی گەرووی بابولمەندەب ڕایگەیاند بۆ هەر ئاستێكی پەرەسەندنی گرژییەكان لە ناوچەكەدا ئامادەن و هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ گرووپەكانی "بەرەی بەرگری" هەیە.
عەبدولمالیك حوسی، ڕێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا(حوسییەكانی یەمەن)، لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند كە گرووپەكەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پەرەسەندنێكی سەربازی لە ناوچەكەدا ئامادەیە و ئاماژەی بەوە كرد، سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی لوبنان، غەززە و جووڵەكانی ئەمریكا، لەگەڵ "بەرەی بەرگری" لە هەماهەنگییەكی بەردەوامدایە.
ڕێبەری حوسییەكان هۆشداری دا كە ئیسرائیل و ئەمریكا پلانیان بۆ دروستكردنی "ئیسرائیلی گەورە" و گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، كە بە وتەی ئەو، مەترسی بۆ سەر پیرۆزییەكانی مەككە و مەدینەش دروست دەكات.
هەروەها هۆشداریی توندی دایە وڵاتانی ناوچەكە، كە نەبنە بەشێك لە شەڕی ئیسرائیل، چونكە ڕووبەڕووی ئەنجامی قورس دەبنەوە.
عەبدولمەلیك حوسی ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی دەیەوێت یەمەن پەلكێشی شەڕێكی گشتگیر بكات كە تەنیا لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.
ناوبراو وتارەكەیدا هیچ هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆی بۆ داخستنی گەرووی بابولمەندەب یان لێدانی كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سووردا نەكرد لە كاتێكدا كە بەرپرسانی ئەو هێزە پێشتر هۆشدارییان دابوو كە ئەگەر جەنگی سەر ئێران دەست پێبكاتەوە بازنەی گرژییەكان فراوان دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە