2 کاتژمێر پێش ئێستا
212 جار خوێنراوەتەوە
عەراقچی هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد ئاشکرا دەکات
پەیام
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە کاتی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئەمریکا، سەرەڕای نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەهۆی زیادەڕۆیی لە داواکارییەکان و هەڕەشەی گەمارۆی نوێ، پڕۆسەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە پاکستان ئاشکرا کرد. عەراقچی ئاماژەی پێ کرد کە تاران بە نیازپاکی و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان چووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام هەڵوێستەکانی لایەنی بەرانبەر ڕێگر بووە لە گەیشتن بە ئەنجام.
بە وتەی عەراقچی، لە کاتێکدا تەنیا چەند هەنگاوێکی کەم مابوو بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد، ئەمریکا دەستی کردووە بە گۆڕینی بەردەوامی ئامانجەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانی، هاوکات هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی زیاتریشی وەک فشار بەکارهێناوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و ڕایگەیاند، وا دیارە لایەنی ئەمریکی هیچ وانەیەکی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە. جەختیشی کردەوە کە نیازپاکی دەبێتە مایەی دروستبوونی نیازپاکی، بەڵام بەردەوامبوونی دوژمنایەتی تەنیا ئەنجامی نەرێنیی لێ دەکەوێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە