2 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
ئهورووپا ڕهخنه له گهمارۆدانی گهرووی هورمز دهگرێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ڕەخنەی توند لە گەمارۆدانی گەرووی هورمز لە لایەن ئەمریکاوە دەگرێت و پسپۆڕانیش هۆشداری لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووتەمەنی فڕۆکە لە کیشوەری ئەورووپا دەدەن.
ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ڕەخنەی لە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گرت و ڕایگەیاند: ئەو هەنگاوە هەرگیز نابێتە چارەسەر بۆ کێشەکان. وتیشی: ناکرێت گەمارۆیەک بە گەمارۆیەکی دیکە چارەسەر بکرێت.
هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا دەست بە گەشتێکی مەیدانی بۆ وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و سعودیە بکات، ئەمەش دوای زنجیرە سەردانێکی بەرپرسانی باڵای بەریتانیا دێت بۆ ناوچەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و ئەو هێرشانەی تاران کردوویەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە، پسپۆڕانی ئابووری بۆ تۆڕی سی ئێن بی سی هۆشدارییان لە سەرهەڵدانی قەیرانێک لە دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە لە ئەوروپا لە هەفتەکانی داهاتوودا دا.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە "ئەگەر گەمارۆ دەریاییەکەی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، مەترسی هەیە سەدان گەشتی ئاسمانی لە وەرزی هاویندا هەڵبووەشێنەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر کەرتی گەشتیاری و جووڵەی گواستنەوەی جیهانی دەبێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە