1 کاتژمێر پێش ئێستا
170 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا: گەمارۆکان بە تەواویی بازرگانیی دەریایی ئێرانی وەستاندووە
پەیام
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ڕاگرتنی تەواوەتی بازرگانیی دەریایی لە ئێرانەوە و بۆ ئەو وڵاتەش ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند: گەمارۆ دەریاییەكان بوونەتە هۆی ڕاوەستانی تەواوەتیی بازرگانیی ئابووری لە ڕێگەی دەریاوە بۆ نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش.
لە ڕاگەیەنراوەكەی ئەو بەشەی سوپای ئەمریكا لە ناوچەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە كەشتیی تێكشكێنەری موشەكیی (یو ئێس ئێس، پینكنی دی دی جی 91) لە ئاوە هەرێمییەكاندا سەرقاڵی چاودێرییە بۆ پشتگیریكردن لە پڕۆسەی گەمارۆدانەكە.
ئەم تووندكردنەوەی گەمارۆیانە دوای ئەوە دێت، گەڕی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلامئاباد بێ ئەنجام كۆتایی هات و ئەمریكا بڕیاری دا فشارە ئابوورییەكانی بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران چڕ بكاتەوە.
ئابڵوقەی دەریایی سەر ئێران وای كرد تاران سەرلەنوێ بڕیاری داخستنەوەی گەرووی هورمز بداتەوە. لەوبارەوە وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێرانی ڕایگەیاند: كردنەوەی گەرووی هورمز تەنیا بەوەوە بەستراوەتەوە كە ئەمریكا گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی كەشتییەكان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە