2 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
نیویۆرك تایمز: جەنگی ئێران كۆگای چەكەكانی ئەمریكاى خاڵى کردووەتەوە
پەیام
جەنگی ئێران بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی كۆگای تەقەمەنی ئەمریكا و تێچووی تەنیا دوو ڕۆژی یەكەمی جەنگە لەسەر ئەمریكا پێنج ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كە پشتی بە زانیارییەكانی پێنتاگۆن و بەپرسانی كۆنگرێس بەستووە، جەنگی ئێران بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی كۆگاكانی تەقەمەنی سوپای ئەمریكا لە ئاستی جیهاندا، ئەو دۆخەش پنتاگۆنی ناچار كردووە بەشێكی زۆر لە كەرەستە سەربازییەكانی ئاسیا و ئەورووپا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە.
هەروەها ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا بڵاوی كردووەتەوە، سوپای ئەمریكا زیاتر لە هەزار مووشەكی پێكانی وردی ئامانجی لە جۆری "ئەتاكمس"ی بەكارهێناوە، ئەوەش وای كردووە ئاستی یەدەگی ئەم چەكانە بە شێوەیەكی مەترسیدار دابەزێت، جگە لەوەش، زیاتر لە 1200 مووشەكی بەرگری "پاتریۆت" لە شەڕەكەدا بەكارهێنراون، كە تێچووی هەر مووشەكێك چوار ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش فشارێكی دارایی زۆری خستووەتە سەر بودجەی سەربازی وڵاتەكە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەكە، تەنها لە دوو ڕۆژی سەرەتای جەنگەكەدا، سوپای ئەمریكا بە بڕی پێنج ملیار و 600 ملیۆن دۆلار تەقەمەنی بەكارهێناوە، ئەم ئامارەش بووەتە هۆی نیگەرانی كۆنگرێس، چونكە كاریگەری لە سەر توانای بەرگریی درێژخایەنی واشنتۆن لە ناوچە جیاوازەكانی دیكەی جیهاندا دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە