2 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
هەوڵى دیموکراتەکان بۆ ئەوەى بە یاسا جەنگی ئێران بوەستێنن شکستیهێنا
پەیام
بۆ پێنجەمین جار هەوڵی دیموكراتەكانی ئەمریكا شكستی هێنا بۆ ئەوەی ترەمپ ناچار بكەن كۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دژی ئێران بهێنێت.
پڕۆژەكەی دیموكراتەكان بە دەنگی (50) سیناتۆری كۆماری و تەنیا یەك دیموكرات ڕەتكرایەوە، لە بەرانبەردا (45) دیموكرات و پەرلەمانتارێكی كۆماری پشتگیرییان لێ كرد، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەس نەبوو بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بگاتە دانیشتنی گشتی و دەنگی لەسەر بدرێت.
تامی باڵدوین، سیناتۆری دیموكرات كە خاوەنی پڕۆژەكەیە، جەنگی ئێرانی بە "هاوشێوەی جەنگی عێراق" ناو برد و ڕایگەیاند: ئەم جەنگە هیچ دیدگایەكی ڕوونی نییە، ئامانجەكانی نادیارن، ستراتیژیی كشانەوەی نییە، و تەنیا قوربانیدانی سەربازانی ئەمریكیی لێ دەكەوێتەوە بەبێ پاڵپشتیی جەماوەری.
لەلایەكی دیكەوە، چەك شومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی دیموكراتەكان هۆشداریی دایە كۆمارییەكان كە خەریكی ئەنجامدانی "هەڵەیەكی كوشندەن". ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: بەڵێن بێت هەموو هەفتەیەك ئەم پڕۆژەیە بخەنە دەنگدانەوە تاوەكو كۆمارییەكان ناچار دەبن كۆتایی بەم كارەساتە بهێنن.
ئەم ململانێ ناوخۆییە لە كاتێكدایە كە ئیدارەی ترەمپ بەبێ ڕەزامەندیی كۆنگرێس جەنگەكەی دەست پێ كردووە بەڵام بۆ ئەوەی خۆی لە لێپرسینەوەی یاسایی لا بدات، جەنگی سەر ئێرانی ناو ناوە "ئۆپراسیۆنی سەربازی".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە