1 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا پێیوایە پێشكەوتن لە هەڵوێستی ئێران بینراوە بەڵام تاران ڕەتی دەكاتەوە
پەیام
كۆشكی سپی دەڵێت پێشكەوتن لەلایەنی ئێرانەوە هەست پێكراوە و ناردنی شاندێكیشی بۆ پاكستان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، بەڵام تاران ڕەتی دەكاتەوە.
كارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەت و جارید كۆشنەر ڕاوێژكار، ئەمڕۆ بەرە و پاكستان بەڕێ دەكەون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە ناوبژیوانی پاكستان.
لیڤیت ڕوونی كردەوە كە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی داوایەكی تاران بووە بۆ بەستنی كۆبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵان ئاژانسی هەواڵی تەسنیم هەواڵەكەی ڕەت كردەوە و وتەكانی كارۆلینی بە درۆی فەرمی ناو برد.
لیڤیت ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئیدارەی ئەمریكا پێشكەوتنی لە هەڵوێستی ئێراندا بینیوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەمەش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای هان داوە، كە دەرفەت بدات بە دیپلۆماسی وەك بژاردەی یەكەم هەمیشە.
سەبارەت بە بەشداری جی دی فانس، جێگری سەرۆك، وتەبێژەكە جەختی كردەوە، كە فانس هێشتا بە قووڵی بەشدارە لە وردەكارییەكانی پرۆسەكەدا، و بڕیاری سەفەركردنی بۆ ئیسلام ئاباد لەسەر بنەمای ڕێڕەوی دانوستانەكان دیاری دەكرێت، جەختیشی كردەوە لەسەر ئامادەیی هەمووان بۆ ڕۆشتن ئەگەر پێویست بكات.
لە پەیامێكی توندیشدا، لیڤیت ئاماژەی بەوە كرد، هێزی دەریایی ئێران، كە بە بەهێزترین لە ناوچەكە وەسف دەكرا، بۆ ئاستی "چەتەكان" پاشەكشەی كردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی فشارە سەربازییەكانی ئەمریكایە كە تارانی بەرەو مێزی گفتوگۆ پاڵ ناوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە