2 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
سووریا.. ئەفسەرێکى ڕژێمى پێشوو کە تۆمەتبارە بە چەندین کۆمەڵکوژی، دەستگیرکرا
پەیام
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیركردنی ئەمجەد یوسف، تۆمەتباری سەرەكیی كۆمەڵكوژیی "تەزامون"ی ساڵی 2013ی لە دیمەشق ڕاگەیاند، كە تێدا 41 كەسی مەدەنی كوژران.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كرد ئۆپەراسیۆنەكە لە ناوچەی سەهل ئەلغاب دوای چەندین ڕۆژ چاودێریكردن ئەنجامدراوە، جەختیشی كردەوە، بەدوای هەموو ئەو كەسانەی دیكەشدا دەگەڕێن، كە لەو كۆمەڵكوژییە تێوەگلاون و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەكەن.
كۆمەڵكوژیی گەڕەكی تەزامون لە نیسانی 2013 لە دیمەشق ڕوویدا، تێیدا 41 كەسی سڤیل كوژران كە حەوت ئافرەت و چواریان منداڵیان لەنێودا بوو، وە خرانە چاڵێكەوە.
ساڵی 2022ش ڕۆژنامەی گاردیان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئەمجەد یوسف وەك ئەفسەرێكی هەواڵگری دەردەكەوێت كاتێك تەقە لە هاووڵاتیانی سڤیل بە دەست و چاو بەستراوی دەكات و دواتر تەرمەكانیان دەسووتێنێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، ژمارەی قوربانیانی ئەم تاوانە گەیشتووەتە 288 شەهیدی ناسراو، بەڵام گومان دەكرێت زیاتر لە 500 كەس لەو گەڕەكەدا كۆمەڵكوژ كرابن. حكومەت بەردەوامە لە گەڕان بەدوای تێوەگلاوانی دیكەی ئەم تاوانەدا تاوەكوو ڕادەستی دادگایان بكات و سزای دادپەروەرانە وەربگرن.
ئەمجەد یوسف ئەفسەری هەواڵگری بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەددا، بەرپرسیش بووە پڕۆسە ئەمنییەكان لە باشووری دیمەشق لە كاتی شۆڕشی سووریادا، هاوكات تۆمەتبارە بە دەستگیر كردن و ئەشكەنجەدان و كوشتنی سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان و هاووڵاتیانی مەدەنی، لە ئافرەتان و منداڵان و كەسانی بەتەمەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە