2 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
بەبێ حەماس، هەڵبژاردنی خۆجێیی لە كەناری خۆراوا و یەك ناوچەی غەززە دەکرێت
پەیام
لە پڕۆسەیەكدا بە بێ بوونی بزووتنەوەی حەماس، هەڵبژاردنی خۆجێیی لە كەناری خۆراوای فەڵەستین و یەك ناوچەی كەرتی غەززەش بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ، شەممە، دوای 22 ساڵ دواكەوتن، پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستە خۆجێییەكان لە هەر یەك لە كەناری خۆراوا و شاری دێربەلەح لە نێوەڕاستی كەرتی غەززەی فەڵەستین دەستی پێكرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوێكی لیژنەی هەڵبژاردنی ناوەندیی فەڵەستین یەك ملیۆن و 30 هەزار كەس مافی دەنگدانیان لەم پڕۆسەیەدا هەیە، كە بە بێ بوونی هیچ لیست و پاڵێوراوێكی بزووتنەوەی بەرەنگاریی ئیسلامیی فەڵەستین (حەماس) و لەژێر هەژموونی بزووتنەوەی فەتح و پاڵێوراوانی سەربەخۆ بەڕێوە دەچێت.
پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە 183 ئەنجوومەنی شارەوانیی و گوند دەگرێتەوە و 3773 پاڵێوراو ڕكابەری ئەو پۆستانە دەكەن و لە كاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تا كاتژمێر حەوتی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی فەڵەستین لە كەناری خۆراوا بڕی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی دا، دواتر بۆ كەرتی غەززە بڕیاری دواخستنی دا، جگە لە شاری دێربەلەح كە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە كەمترین زیانی وێرانكارییەكانی بەر كەوتووە كە پڕۆسەكەی تێدا بەڕێوە دەچێت.
لە دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ساڵی 2006ـەوە كە بزووتنەوەی حەماس تێیدا بە پلەی یەكەم سەركەوتنی بەدەست هێنا، هیچ هەڵبژاردنێك لە فەڵەستین بەڕێوە نەچووە و دۆخێكی پەرتەوازەیی و دووئیدارەی لەنێوان كەرتی غەززە و كەناری خۆراوا دروست بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە