16 کاتژمێر پێش ئێستا
364 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بیرۆكه و پێشنیازمان بۆ ڕاگرتنی جهنگ ئاڕاسته كراوه
تاران ڕایگەیاند پەیوەندییە دیپلۆماسییە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ واشنتن بەردەوامە، ئەمەش سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە بۆ نۆیەمین ڕۆژە بەردەوامن.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام و پێشنیازیان پێ گەیشتووە. ناوبراو بەبێ چوونە ناو وردەکارییەکانەوە، جەختی لەسەر چالاکبوونی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دووپاتی کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سوودی نیه له هەمان کاتدا جەنگ و لە لایەکی تریشەوە لە دانووستاندا بیت، بەڵکو تاران دەیەوێت یەکێکیان ئەنجام بدات و مەرجی دانووستان ئەوەیە کە هێرشەکان کۆتاییان پێ بێت.
بەقایی وتیشی، دەقی ڕێکەوتنەکەمان لە سویسرا زۆر ڕوونە و ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای بەندەکانی ڕێکەوتنەکەیە لەلایەن ئەمریکاوە، کە ئەم پێشێلکارییە هیچ پاساوێکی نییە.
بەرپرسەکەی ئێران ئەوەشی وت، وڵاتانی نێوەندگیر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی ئەم گرژییەی کە ئێستا هەیە زیاتر نەبێت، پێشنیاز و بیرۆکەیان ئاراستە کردووین بەڵام لە ئێستادا ئاشکرای ناکەین.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند قۆناغێکی نوێی هێرشەکانیان دەست پێکردووە بە ئامانجی لاوازکردنی تواناکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی گەرووی هورمز. هێرشەکان بنکەکانی فەرماندەیی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، چاودێریی کەناراوەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و تۆڕەکانی پەیوەندیی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە