2 رۆژ پێش ئێستا
158 جار خوێنراوەتەوە
كهشناسی: پلهكانی گهرما دادهبهزن و له سەنتەری شارەکانیشدا ئەگەری باران هەیە
بەهۆی کارتێکردنی بارستەهەوایەکی سارد، سبەی دووشەممە باران و تەزرە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن؛ لە سەنتەری شارەکانیشدا ئەگەری بارینی باران هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد بۆ سەر ناوچە سنووری و شاخاوییەکان و کاریگەریی بارستەهەوایەکی نیمچە سارد لە ناوچەکانی دیکە، ئاسمانی هەرێم بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە. پێشبینیش دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا بە شێوەی بارانی بەهاری و هەورەبرووسکە، باران و تەزرە ببارێت.
سەبارەت بە سەنتەری پارێزگاکان، کەشناسی ئاماژەی پێ کردووە کە ئەگەری بارانبارین لاوازە، بەڵام بەهۆی هەبوونی تۆزوخۆڵ لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا، ئەگەر باران ببارێت بە تێکەڵی لەگەڵ خۆڵ دەبێت و دەبێتە هۆی دابارینی «تۆزاوباران».
هاوکات پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە نزمبوونەوە بکەن، بە جۆرێک لە سەنتەری پارێزگاکاندا ٦ بۆ ٨ پلە و لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا ٧ بۆ ٩ پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ دادەبەزن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە