1 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
پهرلهمانتارێكی لوبنانی: مهرجی ڕاگرتنی جهنگ؛ كشانهوهی ئیسرائیله
حەسەن فەزلوڵڵا، پەرلەمانتاری حزبوڵڵا ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی حکومەتی لوبنان و ئیسرائیل پەیوەندی بەوانەوە نییە و ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر ڕێککەوتنێک دەکەن لەناو پەرلەماندا، جەختیش لە بەردەوامیی هێرشەکانیان دەکاتەوە تا کشانەوەی سوپای ئیسرائیل.
حەسەن فەزلوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی حزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان، لە میانی ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێناندا لە بەیروت، هەڵوێستی فەرمیی حزبەکەی سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و ئیسرائیل ڕاگەیاند. ناوبراو ئاماژەی پێ کرد ئەو دانوستانانە هیچ پەیوەندییەکی بە حزبوڵڵاوە نییە و لێی بەرپرسیار نین.
ئەو پەرلەمانتارەی حزبوڵڵا هۆشداریی دا لەوەی ڕێگا نادەن ئەنجامی ئەو دانوستانانە لەژێر چەتری پەرلەمانی لوبناندا تێپەڕێندرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەت کردنەوەی هەر پابەندییەکی یاسایی یان سیاسی کە لەو گفتوگۆیانەوە سەرچاوە بگرێت.
فەزلوڵڵا جەختی لە ستراتیژی سەربازیی حزبەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و مەرجی ڕاوەستانی هێرشەکانیشیانی بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان بەستەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە