1 کاتژمێر پێش ئێستا
92 جار خوێنراوەتەوە
لوبنان... هەوڵە دیبلۆماسییەکان بێ ئەنجامن و لە هێرشێکدا ١٧ کەس کوژران
لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان ١٧ کەس کوژران، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ١١٠ کەس و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بێ ئەنجامن.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری وڵات، ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بە خوێناوییترین ڕۆژ دادەنرێت لەوەتەی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە هەفتەی ڕابردووەوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ١١٠ کەس، کە لە نێویاندا منداڵ و کەسانی سڤیل هەن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجەکانی بریتین لە چەکدارانی حزبوڵڵا و لە هەمان ماوەدا ١٧ سەربازییان کوژراون. سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە هاویشتنی سەدان مووشەک و درۆن، هاوکات هۆشداریی بە دانیشتووانی چەند گوندێکی باشووری لوبنان داوە کە لە ماڵەکانیان دوور بکەونەوە. ئیسرائیل دەڵێت ئەو ناوچانە دەکەونە دەرەوەی "هێڵی زەرد" و ڕێککەوتنی ئاگربەست نایانگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی لوبنانی ئەم لێکدانەوەیە ڕەتدەکەنەوە و بە پێشێلکاریی ڕاستەوخۆ دەیناسێنن.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، حزبوڵڵای لوبنان بەرپرسیارێتیی چەند هێرشێکی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی ناقورە و قەنتەرە گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بۆردوومانکردنی گوندەکانی باشووری لوبنان. لە ئێستاشدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان چەقبەستووییان بەخۆوە بینیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە