1 کاتژمێر پێش ئێستا
218 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر باشووری ئێرانی هەڵگرت
پەیام
ئەمریكا بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر باشووری ئێرانی هەڵگرت و ئێرانیش دەڵێت: بە هاوكاری هەندێك وڵاتی ناوچەكە ئەنجام دراوە.
دوای ئەوەی میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە زنجیرەیەك تەقینەوە لە شاری بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم لە نزیك گەرووی هورمز ڕوویان داوە، ئەمریكا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، كە هێرشی بۆسەر دوو شوێن ئەنجام داوە.
بەرپرسێكی سوپای ئێرانیش بە میدیای وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە "لە وەڵامی هێرشەكەدا، بە هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سێ كەشتی جەنگی ئەمریكییان پێكاوە و ناچاریان كردوون پاشەكشە بكەن".
بەرپرسانی سەربازی ئێران دەڵێن: هێرشەكان دوای ئەوە هاتوون، كە ئەمریكا تانكەرێكی نەوتی ئێرانی و چەند ناوچەیەكی مەدەنی لە كەناراوەكان كردووەتە ئامانج. لە بەرانبەردا، واشنتۆن دەڵێت: هێرشەكان وەك وەڵامێك بوون بۆ هێرشی پاسداران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان.
لای خۆیەوە وتەبێژێك لە بارەگای خاتەمولئەنبیاوە بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاند: واشنتۆن ئاگربەستی پێشێل كردووە و هێرشەكەش بە پشتیوانی چەند وڵاتێكی ناوچەكە ئەنجام دراوە.
وتەبێژەكەی خاتەمولئەنبیا هۆشدارییشی بە ئەمریكا و ئەو وڵاتانە دا كە هەر هێرشێك وەڵامی دەبێت.
هاوكات باس لەوە دەكرێت، كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران دوو درۆنی ئەمریكییان لە ئاسمانی بەندەر عەباس خستووەتە خوارەوە، تا ئێستایش هیچ ڕاگەیەنراوێكی فەرمی كۆتایی لەلایەن تارانەوە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام گرژییەكان لە ناوچە ستراتیژییەكە بەردەوامن.
هەر لەو میانەیەشدا ئیماڕات بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەك هێرشی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە