7 رۆژ پێش ئێستا
216 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل باری نائاسایی لە بەرەی ناوخۆدا تا ١٩ی ئایاری داهاتوو درێژکردەوە
حکومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە بەرەی ناوخۆدا تا ١٩ی ئایاری داهاتوو درێژکردەوە و سوپای ئەو وڵاتەش هاوشانی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، ئامادەیی تەواوی هێزە ئاسمانییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئێران ڕاگەیاند.
حکومەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی و لەسەر داوای یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری، بڕیاری دا باری نائاسایی لە سەرتاسەری وڵاتدا درێژ بکاتەوە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی پێدانی دەسەڵاتی فراوانە بە دامەزراوە ئەمنییەکان و فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بۆ سەپاندنی ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بەپێی گۆڕانکارییەکانی مەیدان.
لەسەر ئاستی سەربازی، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان لە هەموو کەرتەکاندا لە ئامادەباشی باڵادان و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ناوچەی کەنداو دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپا بۆ هەر سیناریۆیەکی دوور یان نزیک، وەڵامێکی توندی بۆ هەر هەوڵێکی زیان گەیاندن بە ئیسرائیل دەبێت.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، عومەر تیشلەر، فەرماندەی نوێی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، لە میانی دەستبەکاربوونیدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە "تەواوی توانای هێزی ئاسمانی" بەرەو ڕۆژهەڵات و دژی ئێران بەکاربهێنێت ئەگەر پێویست بکات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لە نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ تاران، ئەمەش هاوکاتی ئەو هەڕەشانەیە کە بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەبارەی ئامادەیی هێزەکانیانەوە دەیدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە