2 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
بەحرەین و ئەمریكا هەوڵى ڕاگرتنی هێرشەكانى ئێران لە گەرووی هورمز دەدەن
پەیام
بۆ ناچاركردنی ئێران بە ڕاگرتنی هێرشەكانی لە گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی كەشتیوانی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ئابووری جیهان، بەحرەین و ئەمریكا پڕۆژەبڕیارێكی هاوبەشیان پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایش كرد.
جەمال ڕووەیعی، نوێنەری هەمیشەیی بەحرەین لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، پڕۆژەبڕیارەكە لەلایەن كوێت، قەتەر، سعودیە و ئیماراتەوە پشتگیری دەكرێت و ئامانج لێی پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە و پابەندكردنی ئێرانە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو هێرش و هەڕەشەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان.
پڕۆژەبڕیارەكە جەخت لە قەدەغەكردنی چاندنی مین و وەرگرتنی باجی نایاسایی دەكاتەوە، لەگەڵ پێشنیاری دروستكردنی ڕێڕەوێكی مرۆیی بەپێی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت كە تاران لە مانگی ئاداری ڕابردوودا گەرووی هورمزی داخست، وەك پەرچەكردارێك بۆ ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریكا دژی وڵاتەكەی دەستیان پێكردبوو.
ئەم داخستنە بووە هۆی تێكچوونی گواستنەوەی خۆراك و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئاستی جیهاندا. گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین شا دەمارەكانی وزە لە جیهاندا، كە ڕۆژانە نزیكەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و 20%ی گازی سروشتی شلكراوەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە