1 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی نەوتى عێراق تۆمەتەكانی دژ بە بریكاری وەزارەتەكە بە توندی ڕەت كردەوە
پەیام
وەزارەتی نەوتی عێراق سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە كە ئاڕاستەی یەكێك لە بریكارەكانی وەزارەتەكەی كراون.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە، كە ئاڕاستەی عەلی مەعاریج بەهادلی، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری دابەشكردن كراون.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ڕێزێكی تەواو لە ڕێكارە یاساییەكان و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەگرین، بەڵام پێویستە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا لەسەر بنەمای شەفافییەت و بەڵگە و ڕاست و دوور لە لێكدانەوەی كەسی و سیاسی بێت.
وەزارەتی نەوت ئامادەیی تەواوی خۆیشی بۆ هەر لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە لەژێر چاودێریی دەستەی دەستپاكی نیشان دا.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایشیگەیاند: ئەركی هەناردەكردن و بەبازاڕكردنی نەوتی خاو و باركردنی كەشتییەكان، لە سنووری دەسەڵاتەكانی بریكاری دابەشكردندا نییە، بەڵكو كۆمپانیا تایبەتمەندەكان ئەنجامی دەدەن.
وەزارەتەكە جەختیشی كردووەتەوە لەوەی "پێشتر كۆمپانیای (سۆمۆ) بە ڕوونی ڕێوشوێنەكانی هەناردەكردن و بەبازاڕكردنی ڕوون كردووەتەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەشی سەبارەت بەو بابەتەی بڵاو كراونەتەوە ڕەت كردووەتەوە".
دوێنێ، پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا "عەلی مەعڕەج بەهادلی" بریكاری وەزیری نەوتی عێراقی بە تۆمەتی بەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ ئاسانكاری لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بۆ بەرژەوەندی ئێران و ئەو گروپە چەكدارییانەی لایەنگری تارانن، خستە لیستی سزاكانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە