1 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دادی توركیا: كاتی ئەوە هاتووە پڕۆسەی چارەسەریی ببێتە یاسا
پەیام
وەزیری دادی توركیا ڕایگەیاند: وەزارەت ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەكی تەكنیكی بە پەڕلەمان بە مەبەستی بەیاساییكردنی پڕۆسەی چارەسەری.
ئاكن گورلەك، وەزیری دادی توركیا لە میانی بەشداریی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی كەناڵی تەگەرەتەی وڵاتەكەی لەبارەی هەنگاوە یاساییەكانی پڕۆسەی چارەسەری كە دەوڵەتی توركیا بە "توركیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، وتی: هەر كاتێك پەڕلەمان بابەتەكە بخاتە بەرنامەی كارەوە، ئێمە وەك وەزارەت بەشداریی كارا دەكەین، بۆچوونی كەسیی من ئەوەیە، پێویستە هەرچی زووە ئەم پڕۆسەیە بكرێتە یاسا.
هەر لەو میانەیەدا، ئاكن گورلەك وەزیری دادی توركیا رەخنەی لە دەستووری ئێستای وڵاتەكەی گرت و بە "بەرهەمی كودەتا" ناوی برد و وتی: دەستووری ئێستامان لە ساڵی 1982 و لە ژێر سایەی دامەزراوەكانی سەردەمی كودەتادا داڕێژراوە. گۆڕانكاری تێدا كراوە، بەڵام بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ، چیدی لەگەڵ بارودۆخی نوێ ناگونجێت، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەرییش، توركیا پێویستی بە دەستوورێكی نوێ هەیە كە لەگەڵ نێوەڕۆكەی پڕۆسەكە و داواكارییەكانی قۆناغەكە یەك بگرێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە