2 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
ئۆكرانیا.. له هێرشێكی ڕووسیادا ٨٣ كهس بوونه قوربانی
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ڕووسیا بۆ سەر ژمارەیەک ناوچەی ئۆکرانیا، ٨٣ کەس کوژراون و برینداربوون.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی ڕابردوو ڕووسیا، ھێرشێکی فراوانی ئاسمانی کردووەتە سەر ژمارەیەک ناوچەی ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا لەو ھێرشەدا، ٩٠ مووشەک و ٦٠٠ دڕۆنی بەکارھێناوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ٨٣ کەس کوژراون و برینداربوون.
لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، ئەندری سیبیھا لە ڕاگەیاندراوێکدا سەرکۆنەی ھێرشەکەی ڕووسیا بۆ شاری کیێڤ کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشەکەوە زیان بەر باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا کەوتووە.
ھەروەھا سەرۆکی شارەوانی کیێڤ (پایتەختی ئۆکرانیا)، ڤیتالی کلیچکۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئاکامی ھێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، دوو کەس کوژراون و ٥٦ی دیکەش برینداربوون.
ڤیتالی کلیچکۆ ڕاشیگەیاندووە کە ھەر بەھۆی ھێرشەکەوە، زیان بەر ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون، قوتابخانە و بازاڕی شاری کیێڤ کەوتووە.
لە بەرانبەردا وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ھێرشەکەیان بۆ سەر شاری کیێڤ، ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازیی، بنکەی ئاسمانیی و پیشەسازیی بەرگریی ئۆکرانیا کراونەتە ئامانج.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە کە لە ھێرشەکەیاندا، ژێرخانی مەدەنییان لە شاری کیێڤ نەکردووەتە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە