2 کاتژمێر پێش ئێستا
225 جار خوێنراوەتەوە
بههۆی ڤیزاوه؛ گهشتی وهزیری دهرهوهی ئێران بۆ ئهمریكا ههڵوهشایهوه
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندنەوەی گەشتی وەزیری دەرەوەی بۆ نیویۆرک بەهۆی کێشەی ڤیزاوە ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی نزیکبوونەوەی تاران و واشنتن لە ڕێککەوتنێکی نوێ بەهێز بووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەشتی عەباس عێراقچی بۆ نیویۆرک بەهۆی کێشەی وەرگرتنی ڤیزاوە هەڵوەشاوەتەوە و چیتر لە کارنامەی وەزیردا نییە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات. لەکاتێکدا پێشتر بڕیار بوو عێراقچی ڕۆژی سێشەممە بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بکات کە بە دەستپێشخەریی چین لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بەڕێوەدەچێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی پاکستان و چەند لایەنێکی ناوچەیی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، خێراییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سکۆت جێنینگز، شیکەرەوەی سیاسی و بەرپرسی پێشووی ئەمریکی، لە زاری سەرچاوەیەکی ناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە ئاشکرای کردووە کە بەشێکی زۆری ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا تەواو بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی پێ کردووە کە ٪٩٥ی ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە و تەنیا گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی هەندێک بڕگە ماوە، بۆیە واژۆکردنی چەند ڕۆژێکی تری پێدەچێت.
بەپێی زانیارییەکان، ڕێککەوتنەکە دوو قۆناغ لەخۆدەگرێت؛ قۆناغی یەکەم تایبەتە بە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستبەرداربوونی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو.
قۆناغی دووەمیش ڕادەستکردنی ماددە ئەتۆمییەکان و سووککردنی سزاکانی سەر تاران دەگرێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە