1 کاتژمێر پێش ئێستا
81 جار خوێنراوەتەوە
دادگایەکی نەمسا دوو ئەفسەری باڵای ڕژێمی پێشووی سووریا دادگایی دهكات
بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیان لە ڕەققە، دادگایەکی نەمسا دەستی کرد بە دادگاییکردنی دوو ئەفسەری باڵای ڕژێمی پێشووی سووریا.
ئەمڕۆ دووشەممە، دوو ئەفسەری پێشووی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ڤیێنا ڕووبەڕووی دادگا بوونەوە، تۆمەتبارەکان بریتین لە خالید حەلەبی، کە پلەی عەمید بووە لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت و موسعەب ئەبو ڕوکبە، کە موقەدەم بووە لە ئاسایشی سیاسی.
داواکاری گشتی نەمسا ڕایگەیاند ئەم دوو بەرپرسە پێشووە تۆمەتبارن بە دەرکردنی فەرمانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی حکومەت و خۆپیشاندەران لە پارێزگای ڕەققەدا.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای نەمسا، حەلەبی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە ژێر چاودێریدایە و لە زیندانی کاتی دایە.
ئەم دوو ئەفسەرە بەوە تۆمەتبار کراون کە لە یەکەم ساڵەکانی شۆڕشی سووریادا، سەرپەرشتی چەندین کردەوەی توندوتیژی و پێشێلکاریی گەورەیان دژی مرۆڤایەتی کردووە. ئاژانسی هەواڵی "سانا" ئاماژەی پێ کردووە کە حەلەبی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ بەرپرسی لقی ئاسایشی ڕەققە بووە و ئەبو ڕوکبەش جێگری لقی ئاسایشی سیاسی بووە، هەردووکیان دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان.
نەمسا دوو ئەفسەری پێشووی ڕژێمی سووریا بە تاوانی جەنگ دادگایی دەکات
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە