2 کاتژمێر پێش ئێستا
140 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە
پەیام
حكوومەتی عێراق هەنگاوە كردەییەكانی بۆ سنوورداركردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دەستپێكرد و چەند گروپێكی چەكداریش دەستیان بە ڕادەستكردنی بارەگاكانیان كردووە.
سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و ڕێكارەكان لە سامەڕا لەگەڵ هێزەكانی "سەرایای سەلام" دەستیان پێكردووە و، پڕۆژەكە جیاكردنەوەی هەموو جۆرە پەیوەندییەكی سیاسی لەو هێز و پێكهاتە شەڕكەرانە دەگرێتەوە، كە لەناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەكاندان، بە شێوەیەك كە جووڵە و فەرمانەكان تەنها لە ڕێگەی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە بن.
سەرۆكی شانەكە ئاشكرای كرد، كە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، یەكەمین پاڵپشتیكاری ئەم دەسپێشخەرییە بووە، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و ئەندامییەتی نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی پێكهێنراوە بۆ سەرپەرشتیكردنی قۆناغەكانی ڕادەستكردنی چەك و دووبارە ڕێكخستنەوەی هێزەكان.
جگە لە سەرایای سەلام، گروپەكانی وەك عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی دەستیان بە ڕێكارە یاساییەكان كردووە بۆ تێكەڵكردنی باڵە چەكدارییەكانیان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا. سەعد مەعن جەختی كردەوە كە كۆدەنگییەكی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم هەنگاوانە هەیە بە ئامانجی بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی سەروەریی وڵات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە