16 کاتژمێر پێش ئێستا
184 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسێک لەسەر دزینی كێبڵی كارەبایی بە بەهای چوار ملیار و 400 ملیۆن دینار دەستگیركرا
پەیام
بەرپرسێكی كەرتی كارەبای عێراق لە دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی بڕێك زۆر كێبڵی كارەباییدا بە بەهای زیاتر لە چوار ملیار دینار، دەستگیر كرا.
دەستەی دەستپاكیی عێراق بڵاوی كردەوە: تیمێك لە وردبینی و لێكۆڵینەوەی دەستەكە چوونەتە باڵەخانەی وەزارەتی كارەبا و توانیویانە كەسێك بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی كێبڵی كارەبایی بە بەهای چوار ملیار و 400 ملیۆن دیناری عێراقی كە دەكاتە (3.36) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەستگیر بكەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی دەستەی دەستپاكی لەگەڵ ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا ـ كە ناوەكەی نەهێناوە ـ دوو كەسی دیكەیش بە تۆمەتی هاوكاریی ئەو كەسە لەو دۆسیەیەدا و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر كراون.
دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕایشیگەیاند: تۆمەتبارە دەستگیركراوەكەی وەزارەتی كارەبا بەپێی ماددەی 315 لە یاسای سزادان تایبەت بە دزی و زیانگەیاندن بە ماڵی گشتی دەستبەسەرە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە