2 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
عێراق داوای دەسپێشخەرییەكی ئەوروپی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ دەكات
پەیام
عێراق داوای دەسپێشخەرییەكی ئەوروپی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ دەكات و پڕۆژەیەكی نوێی دیپلۆماسی بۆ كۆبوونەوەی عەممان ئامادە دەكات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوێنێ داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كرد دەسپێشخەرییەكی سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ ڕابگەیەنێت، ئاماژەی بەوەش كرد عێراق سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی دیدگایەكی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەیەكی نزیكدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن، بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، پێشكەشی بكات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوە، حوسێن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هێلین ماكنتی، وەزیری دەرەوەی ئیرلەندا، جەختی لە گرنگی جووڵەیەكی كاریگەری ئەوروپی بۆ ڕاگرتنی شەڕ كردووەتەوە.
هەروەها ئەم بابەتەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش تاوتوێ كردووە و بەنیازی بەردەوامبوونی ڕاوێژەكانە لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی ئەوروپا لە ماوەی داهاتوودا.
وەزیری دەرەوە ڕوونی كردەوە، كە ئەوروپا توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت، چونكە پەیوەندی باشی لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكاندا هەیە.
باسی لەوەش كرد، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی لە ڕووی ئابووری و داراییەوە بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە زیانی زۆری بەركەوتووە، بۆیە لە كۆبوونەوەی عەممان دیدگای وڵاتەكەی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ڕاگرتنی پەرەسەندنی گرژییەكان لە ناوچەكەدا دەخاتە ڕوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە