2 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
جەنگ؛ لە ئێستادا ئێران و ئیسرائیل هێرش ئەنجام دەدەن و ئیسرائیل دەڵێت چەند ڕۆژ دەخایەنێت
پەیام
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران. هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی میهراباد لە تاران و فڕۆکەخانەی مەشهەد تا
کاتێکی نادیار ڕاگیران و لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای کرماشان و دەوروبەری، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئامانجە بیانییەکان چالاک کرا.
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە جارێکی دیکە سەلماندیان ئاسمانی ناوچەکە و خاکە داگیرکراوەکان لەژێر ئیرادە و کۆنترۆڵی موشەکە تێکشکێنەرەکانیاندایە. لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاسەواری کەوتنی موشەکێکی ئێرانییان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "ئیتامار" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نابلس بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە زیان بە سێ باڵەخانە لە کەناری ڕۆژئاوا گەیشتووە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە لە ڕادیۆی سوپای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە، ناوچەکە لە سەرەتای پێکدادانێکی سەربازیی نوێدایە و پێشبینی دەکرێت ئاڵۆزییەکان بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە درێژەیان هەبێت. ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هەردوولا پەیامی توندیان سەبارەت بە توانای سەربازیی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر قوڵایی خاکی یەکتری ئاڵوگۆڕ کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە