1 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
جولەکە نیشتەجێكراوەكان ئاگریان لە دوو مزگەوت لە كەناری خۆراوا بەردا
پەیام
لە درێژەی چەندین ڕەفتاری هاوشێوە لە ماوەی ڕابردوودا، جوولەكەكانی ئۆردوگاكان ئاگریان لە دوو مزگەوتی كەناری خۆراوای فەڵەستین بەر دا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، زایۆنییە نیشتەجێكراوەكانی ئۆردوگاكان لە هێرشێكی نوێدا بەشێك لە مزگەوتی گوندی "كور"یان لە باشووری شاری تووڵكەرم لە كەناری خۆراوای فەڵەستین سووتاند.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاند "هێرشبەرەكان دروشمی ڕەگەزپەرستییان لەسەر دیوارەكانی مزگەوتەكە نووسیوە و ئاگریان لە ناوەوەی مزگەوتەكە بەر داوە، دواتر لەلایەن گوندنشینانەوە ئاگرەكە كوژێنراوەتەوە".
ئەم پەلامارە تەنها چەند كاتژمێرێك دوای سووتاندنی مزگەوتێكی دیكە بوو لە شارۆچكەی "قەسرە" لە باشووری نابلس.
لای خۆیەوە وەزارەتی ئەوقافی فەڵەستین ئەم كارەی بە "تاوانێكی ڕێكخراو" ناو برد كە ئامانجی تێكدانی پیرۆزییە ئاینییەكانە لەژێر چاودێری سوپای داگیركەر.
لەلایەكی دیكەوە، مەحموود مەرداوی، سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند: سووتاندنی مزگەوتەكان لەلایەن میلیشیا نیشتەجێكراوەكانەوە تاوانێكی فاشیستییە و پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقافی فەڵەستین لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج مزگەوت لە لایەن جولەكەی ئۆردوگاكان لە كەناری خۆراوا ئاگریان تێ بەردراوە و پێنجی دیكەیش بە تەواوەتی، یان بە لاوەكی تێك دراون و 15ی دیكەیش زیان بەر كەلوپەلەكانی ناوی گەیەنراوە و پیس كراوە 20 مزگەوتیش هەڵكوتراوەتە سەریان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە