1 کاتژمێر پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
كوەیت بەشداری لە هێرشە سەربازییەكانی سەر ئێران ڕەتکردەوە
پەیام
كوەیت زانیارییەكانی ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی لە بارەی بەشداری لە هێرشەكان بۆ سەر ئێران ڕەت دەكاتەوە و ڕاپۆرتەكە بە بانگەشەی پوچ ناو دەبات.
لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا كە ئاژانسی هەواڵی كوەیت لە زاری شێخە زەین سەباح باڵیۆزی وڵاتەكەی لە واشنتن بڵاوی كردووەتەوە، سەرجەم ئەو زانیاریانەی ڕەت كردەوە كە لە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوكراونەتەوە و باس لەوە دەكات كە بەشداریان لە هێرشەكانی سەر ئێران كردووە، هاوكات ناوبراو ڕایگەیاندووە كە سەرلەبنی ڕاپۆرتەكە بانگەشەی پووچە.
هاوكات ناوبراو جەختی كردەوە كە كووەیت ڕێگەی نەداوە و نادات خاكی وڵاتەكەی، ئاسمانی یان ئاوە هەرێمییەكانی بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە هێرشێكی سەربازی بەكاربهێنرێت.
ئەم كاردانەوەیە دوای ئەوە دێت كە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاوی كردەوە كە كووەیت و بەحرەین لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە نهێنی فڕۆكەی جەنگییان بۆ ناو خاكی ئێران ناردووە بە مەبەستی بۆردوومانكردنی كۆگاكانی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بەڵام بەحرەین تا ئێستا ئەو زانیاریانەی ڕەت نەكردووەتەوە.
باڵیۆزی كووەیت دووپاتیشی دەكاتەوە كە وڵاتەكەی پەیڕەوی لە سیاسەتێكی ئاشتییانە دەكات داواشی لە ڕۆژنامەكە كرد كە دەستبەجێ ئەو زانیارییە ناڕاست و هەڵبەستراوانە چاك بكاتەوە، چونكە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسیی وڵاتەكەیدا ناگونجێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە