2 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
هەناردەی نەوتی عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل كەمیكردووە
پەیام
بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی عێراق ڕۆژانە بە بڕی سێ ملیۆن بەرمیل كەمی كردووە، ئەمەش مەترسیی توندی لەسەر كۆگاكانی وزە و نرخ لە بازاڕی جیهانیدا دروست كردووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەكانی كەرتی بازرگانی نەوت بڵاوی كردەوە "هەناردەی نەوتی عێراق بەراورد بە كاتە ئاساییەكان، ڕۆژانە لە نێوان 2.5 تا سێ ملیۆن بەرمیل كەمی كردووە، ئەم دابەزینە بەرچاوە دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت كە بەهۆی شەڕی ئێران و پەككەوتنی جووڵەی كەشتیوانی لە ناوچەی كەنداو و داخستنی گەرووی هورمزەوە هاتونەتە كایەوە".
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن "عێراق لەگەڵ وڵاتانی كوێت و ئیمارات، پەنایان بۆ ڕێگەی گواستنەوەی جێگرەوە بردووە بۆ پاراستنی بەشێك لە هەناردە نەوتییەكانیان، بەڵام هێشتا بڕی هەناردەكراو زۆر لە ئاستی ئاسایی پێشوو كەمترە".
هەر چەندە خەمڵاندنە سەرەتاییەكان باسیان لە ونبوونی 12 بۆ 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كەنداو دەكرد، بەڵام داتاكانی ئێستا دەریدەخەن كە زیانە ڕاستەقینەكان نزیكەی 5 بۆ 6 ملیۆن بەرمیلن.
بەردەوامیی ئەم پەككەوتنە لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی وەك عێراق، بووەتە هۆی خاڵیبوونی خێرای كۆگاكانی نەوتی جیهان، ئەگەر ئاڵۆزییەكان درێژە بكێشن، مەترسییەكی زۆر هەیە نرخی نەوت جارێكی دیكە بە خێرایی ڕوو لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی بكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە