2 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
حزبوڵڵا بۆ یەكەمجار درۆنێكی 10 ملیۆن دۆلاری ئـیسرائیلی خستە خوارەوە
پەیام
حزبوڵڵای لوبنانی بۆ یەكەمجار درۆنێكی پێشكەوتووی ئیسرائیلی كە بەهاكەی 10 ملیۆن دۆلارە، لە ناوچەی بیقاع خستە خوارەوە.
حزبوڵای لوبنان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە كە تێیدا دیمەنی خستنەخوارەوەی درۆنێكی قەوارەی ئیسرائیلی لە جۆری "هێرۆن 1- شۆڤاڵ" لە ناوچەی بیقاع لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەردەكەوێت، ئەمە یەكەم جارە ئەم جۆرە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە كە نرخی 10 ملیۆن دۆلارە لەلایەن حزبوڵاوە بخرێتە خوارەوە.
لەوبارەوە حزبوڵڵا ڕایگەیاند: پڕۆسەی ڕاوكردنی درۆنەكە لە بەرزی حەوت كیلۆمەتر و لە ئاسمانی شارۆچكەی "نەحلە" ئەنجام دراوە.
حزبوڵڵا دەستی بەسەر پاشماوەی درۆنەكەدا گرتووە و گرتە ڤیدیۆییەكەی بە نووسینێكی عەرەبی و عیبری كۆتایی پێ هێناوە كە دەڵێت: هێرۆن1 لەژێر دەستی خۆڕاگری ئیسلامیدایە"، ئەمەش دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە تەكنەلۆژیای سەربازی ئیسرائیلی بۆ لایەنەكانی دیكە دەڕەخسێنێت.
ئەم درۆنە كە لەلایەن كۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە دروست كراوە، مەودای فڕینی هەزار كیلۆمەتر و 20 كاتژمێری بەردەوامە و بۆ سیخوڕی و پشتیوانیی هێزی زەمینی بەكار دێت.
حزبوڵڵای لوبنانی ڕایشیگەیاند: قەوارەی ئیسرائیل لە ڕووی میدیاییەوە هەوڵی شاردنەوەی ئەم ڕووداوە دەدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە