3 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا.. بههۆی هێرشی درۆنییهوه؛ بهشێوهیهك كاتی بهشێك له فڕۆكهخانهكان داخران
دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی کاتی چوار فڕۆکەخانەی سەرەکیی مۆسکۆیان داخست، ئەمەش دوای شەپۆلێکی گەورەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا کە پایتەخت و چەند ناوچەیەکی تریان کردبووە ئامانج.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ ڕایگەیاند سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ٥٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە ئاڕاستەی پایتەخت کرابوون. بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیران، بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ڕووسیا کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ئاساییبوونەوەی گەشتەکانیان ڕاگەیاند. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە کیێڤ لە وەڵامی بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوورمەودای زیاتر کردووە.
هاوکات لە نیمچەدوورگەی کرێمیا، سێرگی ئەکسیۆنۆف، سەرۆکی کارگێڕیی ناوچەکە کە لەلایەن مۆسکۆوە دامەزراوە، ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەی کێرچ، چوار کەس کوژراون و ٢٨ی دیکەش بریندار بوون. لای خۆشیانەوە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند هێزەکانیان ٤٠٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان لە ئاسمانی ناوچە جیاوازەکانی ڕووسیا، لەوانەش مۆسکۆ، دەریای ئازۆف و دەریای ڕەش خستووەتە خوارەوە یاخود ڕێڕەویان گۆڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەرپرسانی کۆماری گەلیی دۆنێتسک کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ئاماژەیان بەوە کرد کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١١ هێرشیان ئەنجامداوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە