1 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
كهشناسی: له سبهینێوه تا یهكشهممه فێنك دهبێت
بەهۆی کاریگەریی باڕستههەوایەکی فێنکی دەریای ڕەشەوە، لە سبەینێ چوارشەممەوە پلەکانی گەرمی لە هەرێمی کوردستان سێ تا چوار پلە دادەبەزن و ئەم دۆخەش تا یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەم شەپۆلە فێنکە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە. لەم ماوەیەدا، کەشوهەوای ناوچەکە بە جێگیری دەمێنێتەوە و هاووڵاتیان هەست بە دابەزینی پلەکانی گەرمی دەکەن، بە جۆرێک کە لە ڕۆژدا گەرمای هەمیشەیی وەرزەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
بەپێی پێشبینییە فەرمییەکان، بەرزترین پلەکانی گەرمی لە ڕۆژدا بەم شێوەیە دەبن؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە نێوان ٣٦ بۆ ٣٨ پلە، لە هەولێر ٣٨ بۆ ٤٠ پلە، و لە پارێزگای دهۆکیش لە نێوان ٣٤ بۆ ٣٧ پلەی سیلیزی جێگیر دەبن. هاوکات لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا نزمترین ئاست تۆمار دەکرێت کە لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٣ پلەدایە، و لە ناوچەکانی گەرمیانیش لە نێوان ٣٩ بۆ ٤١ پلەدا دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم دابەزینە کاتییە و لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلەکە کۆتایی پێدێت. لەو بەروارە بەدواوە پلەکانی گەرمی دیسانەوە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و لە هەندێک ناوچە، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پلەی گەرمی نزیک دەبێتەوە لە ٥٠ پلەی سیلیزی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە