1 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
پاكستان هێرشی ئاسمانیی كرده سهر سێ پارێزگای ئهفغانستان
پهیام
پاکستان هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر سێ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان و ڕایگەیاند ٢٩ چەکدار کوژراون، لە بەرامبەردا بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت هێرشەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی.
عەتائوڵڵا تارار، وەزیری زانیاریی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانیی وردەوە سێ ئامانجیان لە پارێزگاکانی پاکتیا، پاکتیکا و کۆنار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان تێکشکاندووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکان ئۆپراسیۆنی زەمینیشی لە ناوچە سنوورییەکاندا گرتووەتەوە و گرووپی چەکداریی "جەماعەتی ئەحرار"یان کردووەتە ئامانج، کە تێیدا لانی کەم ٢٩ چەکدار کوژراون.
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی وەزیری زانیاریی پاکستان، ئەم ئۆپراسیۆنە شەوانەیە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشە چەکدارییانەی دوایی کە کراونەتە سەر وڵاتەکەی؛ بەتایبەتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی شاری کراچی لە باشووری پاکستان، کە بووە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی هێزە سهربازییهکان.
لەلایەکی دیکەوە، زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، ئیدانەی ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی کرد و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کارێکی ترسنۆکانە" وەسفی کردن. موجاهید لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند کە بۆردوومانەکانی پاکستان بۆ سەر ئەو سێ پارێزگایە، بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە