1 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
قەتەر... وەفدی ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی هورمز کۆ دەبنەوە
واشنتن و تاران ڕێککەوتوون کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن و سێشەممەی داهاتوو لە دەوحە کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەرووی هورمز.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ وەستاندنی سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان و هێرشەکانی نێوانیان. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی ڕێکخستنی پرسە ئەمنییەکان و ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کۆبوونەوەیە جێگەی ئەو دانیشتنە دەگرێتەوە کە پێشتر بڕیاربوو تایبەت بێت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران. بەمەش دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ کاتێکی نادیار و تا دوای یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئێستای سەر گەرووی هورمز دواخراون.
لەبارەی هۆکاری هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئەکسیۆس ڕوونی کردووەتەوە کە کێشەکە تەنها پەیوەندی بە جیاوازیی لێکدانەوەی هەردوو لاوە نییە بۆ ماددەی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە گەرووی هورمز. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ئەو هێڵی پەیوەندییە گەرمەی بڕیاربوو لە نێوان سوپای ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان کارا بکرێت، تا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو نەخرابووە کار.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە