1 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
شاندێكی قەتەری بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئێرانە
پەیام
شاندێكی قەتەری بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئێرانە و بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتەش هەڕەشەی وەڵامێكی توند لە قەوارەی ئیسرائیل دەكات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد "شاندێكی دانوستانكاری قەتەری گەیشتوونەتە تاران بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بە ئامانجی هێوركردنەوەی دۆخەكە و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكا".
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت كە واشنتۆن هێرشی كردە سەر ئامانجە سەربازییەكانی ئێران وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز.
هاوكات، محەمەد باقر زولقەدر، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداری دایە قەوارەی ئیسرائیل و ڕایگەیاند: لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر ژێرخانەكانیان تەلئەبیب پارێزراو نابێت.
ئەم هەڕەشانە دوای لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی قەوارەكە دێت سەبارەت بە ئامادەكاری بۆ گەڕێكی نوێی جەنگ لە ناو ئێراندا.
گرژییەكان كاتێك زیادیان كرد كە لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكادا 17 كەس لە ئێران كوژران، تارانیش بە بۆردومانكردنی ئامانجگەلێك لە بەحرەین و كوێت وەڵامی دایەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە