2 کاتژمێر پێش ئێستا
173 جار خوێنراوەتەوە
ئێران.. تەرمی خامنەیی و چوار لە ئەندامانی خێزانەكەی، لە مەشهەد نێژران
پەیام
تەرمی ڕێبەری باڵای پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران و چوار لە ئەندامانی خێزانەكەی، لە شاری مەشهەد نێژران.
ئاژانسەكانی هەواڵی ئێران بڵاویان كردەوە، تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە حەرەمی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد بە خاك سپێردرا.
ناوبراو لە یەكەم ڕۆژی جەنگی ئەمریكا- قەوارەی ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتدا لە ماڵ و شوێنی كارەكەی لە ناوچەی پاستووری تاران لەگەڵ چوار لە ئەندامانی خێزانەكەی و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای وڵاتەكە تیرۆر كران.
تەرمەكانیان دوای بردنی بۆ مەزارگەی ئیمام ڕەزای شیعەكان، لە ڕەواقی "دارولزیكر" لە نزیك ڕەوزەی منەوەرە نێژران.
مەراسیمەكانی ماڵاوایی و بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە لە تاران بە بەشداری شاندی وڵاتان دەستی پێكرد و دوای سێ ڕۆژ بۆ شارەكانی قوم، پاشان عێراق و دواتر مەشهەد گواسترایەوە و ملیۆنان كەس بەشدارییان تێدا كرد.
مەزارگەی مەشهەد كە تاكە مەزاری ئیمامێكی شیعەیە لە ئێران، ئێستا بووەتە شوێنی كۆتایی ڕێبەری كۆچكردووی ئێران و خێزانەكەی، ئەو مەزارگەیە جگە لە ئیمام ڕەزا (عەلی كوڕی موسا ڕەزا)، چەندین كەسایەتی دیكەی مێژوویی وەك هارونەڕەشید خەلیفەی دیاری عەبباسی و لە هاوسەردەمییەكانیش ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری پێشووی ئێرانی تێدا نێژراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە