2 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
کەرکووک... دەستگیرکردنی شەش فەرمانبەری گومرگی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل
دەستەی دەسپاکیی فیدراڵی دەستگیرکردنی شەش فەرمانبەری خاڵی گومرگی "دارەمان" ی لە نێوان کەرکووک و هەولێر بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییان ڕاگەیاند.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک سەر بە دەستەی دەسپاکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەپێی فەرمانی دادگا، شەش فەرمانبەری خاڵی گومرگی "دەرمان" ی دەستگیر کرد، ئەم تۆمەتبارانە بەوە تۆمەتبار کراون کە بە ئەنقەست ڕێگرییان لە ڕاییکردنی مامەڵەی گومرگیی هاووڵاتییان کردووە و داوای بڕە پارەی نایاساییان لێ کردوون، سەرەڕای ئەوەی مامەڵەکانیان هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە، تۆمەتبارەکان بۆ ناچارکردنی هاووڵاتییان بە دانی پارە، پەنایان بۆ هەڕەشە و گوشار بردووە و پڕۆسەی کارەکانیان پەکخستووە تاوەکو بەرتیلیان دەستنەکەوێت.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی پێ کرد کە تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون تاوەکو ڕێکاری یاسایی توندیان بەرانبەر بگیریێتە بەر.
پێشتر دەستەی دەسپاکی ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٥٩ کەسی لەسەرانسەری عێراق بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە