3 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
حكومهتی فیدڕاڵی ئیدانهی هێرشهكانی سهر ههولێری كرد و فهرمانی كرد به ههماههنگی كردن
سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ئاسمانی هەولێری کرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ خستنەخوارەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کردووە کە تیایدا کایەی ئاسمانیی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان پێشێل کراوە. ئەم هەڵوێستەش دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیویانە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەکەدا بخەنە خوارەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەبێ دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرسیار لە پشت ههڵدانی ئەو درۆنانە، ئاشکرای کرد کە فەرمانی بە سەرجەم دەزگا و پێکهاتە ئەمنییە تایبەتمەندەکان کردووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێکی پێویست بدەن بە مەبەستی ڕێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە.
زەیدی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ڕێکاری توند بەرانبەر هەر لایەنێک بگیرێتە بەر کە هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراقی دەدات، بە ئامانجی بڕینی دەستی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت زیان بە سەقامگیریی وڵاتەکە بگەیەنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە