9 کاتژمێر پێش ئێستا
136 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا گهورهترین هێرشی له سهرهتای جهنگهوه كرده سهر ئۆكرانیا
ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ڕووسیا بە نزیکەی ٤٠ مووشەکی بالیستی گەورەترین هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ، لە بەرامبەردا مۆسکۆ دەڵێت بنکە سەربازی و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتەی پێکاوە.
ئەندرێ سیبیها، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد کە سوپای ڕووسیا لە هێرشێکی چڕدا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، زۆرترین ژمارەی مووشەکی بالیستی لە سەرەتای دەستپێپێکردنی شەڕەکەوە بەکارهێناوە کە زیانی گیانی و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە. ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشاری توند بخەنە سەر مۆسکۆ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە.
لەلایەکی دیکەوە، هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی ١٨ مووشەک لە کۆی ٤١ مووشەکی هاوێژراو، لەگەڵ ١٠٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆی ١٢٥ فڕۆکە بخاتە خوارەوە. بەپێی وتەی بەرپرسانی کیێڤ، ٢٣ مووشەک و ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەر ٢٠ شوێنی جیاواز کەوتوون، کە بەهۆیانەوە لانی کەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١٣ی دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە چەندین گەڕەکی پایتەختدا.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشێکی بەرفراوانی شەوانەیان کردووەتە سەر ژێرخانی وزە، بەندەرەکان، پیشەسازیی سەربازی و ناوەندەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی مۆسکۆ، هێرشەکان بەندەری "یوژنی" لە ناوچەی ئۆدێسا و چەند کارگەیەکی گرنگی پیشەسازیی سەربازییان لە کیێڤ گرتووەتەوە، لەوانە کارگەی "ڕادیۆنێکس" و کارگەی "ئارتێم" کە تایبەتن بە بەرهەمهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییەکان و ئامێرەکانی ئاڕاستەکردنی مووشەکە پێشکەوتووەکان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە