18 کاتژمێر پێش ئێستا
190 جار خوێنراوەتەوە
ئێران هێرشی کردە سەر بەحرێن و کوەیت
پەیام
سوپای کوەیت رایگەیاند بەرپەرچی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانیان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی داوەتەوە، هاوکات لە بەحرەین زەنگی مەترسیی لێدرا و داوا لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کراوە بچنە شوێنی پارێزراو.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سیستەمێکی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت وێران کردووە. بەپێی بەیاننامەکە، هێرشەکان کەلوپەل و شوێنی هەڵگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری "ئێم کیو ٩" ی ئەمریکییان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی پێشتر ئەمریکا ئەنجامی داون.
لە بەرانبەردا، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت ئاشکرای کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی هێرشەکان. سوپای ئەو وڵاتە ڕوونیکردەوە کە دەنگی ئەو تەقینەوانەی بیستراون دەرەنجامی خستنەخوارەوەی ئامانجەکانن لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە، و داواشی لە تەواوی دانیشتووان کرد بۆ سەلامەتیی گیانیان پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا چالاک کرد. وەزارەتەکە ڕێنمایی داوەتە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کە ئارامیی خۆیان بپارێزن، ڕوو لە نزیکترین پەناگەی ئارام بکەن، و بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ و دروست تەنها پشت بە کەناڵە فەرمییەکان ببەستن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە