17 کاتژمێر پێش ئێستا
840 جار خوێنراوەتەوە
میدیاکانی ئێران: دەنگی چەندین لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری وڵات بیستراون
پەیام
میدیاکانی بڵاویان کردەوە ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری ئێران و دەنگی تەقینەوە لەو ناوچانە بیستراوە و هاوکات سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی لەو ناوچانەدا چالاک بوون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند هێزەکانی دەریایی وڵاتەکەی لەسەر کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆن فین"، بەوردی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامن. سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە تا ١٩ی تەممووز، بە مەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی گەمارۆکە، ئاراستەی شەش کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و کەشتییەکی دیکەشیان پەکخستووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی ئێران دەنگی چەندین تەقینەوەیان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا پشتڕاست کردەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکانی مێهر، فارس و تەسنیم، تەقینەوەکان شارەکانی دەشتی و خورموج لە پارێزگای بوشەهر، جاسک و سیریک لە هورمزگان، چابەهار و کۆنارەک لە سیستان و بەلۆچستان، بەندەری ئیمام خومەینی و مەهشەهر لە خوزستان، هەروەها شاری تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیان گرتووەتەوە.
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوانەدا، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شاری کۆنارەکی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان چالاک کراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک. لەم چوارچێوەیەشدا، ئاژانسی مێهر ئاماژەی پێ کرد کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئێران توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمن لە باشووری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە