18 کاتژمێر پێش ئێستا
816 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بنكهكانی ئهمریكامان له سوریا و ئوردن بۆردومان كرد
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی تەنف لە سووریا و عەلی سالم لە کوەیت، هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و ئوردن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشێکی لەناکاویان کردووەتە سەر ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە ناوچەی تەنفی سووریا، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی سێ سەربازی ئێرانی لە ناوچەی بەمپووری سەر بە ئێرانشەهر بەهۆی هێرشێکی پێشووتری ئەمریکاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، ڕوودانی هەر بۆردومانێک یان بەئامانجگرتنی ئەو بنکەیەی بەتەواوی ڕەت کردەوە، کە پێشتر لە مانگی شوباتی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ڕادەستی سوپای سووریا کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سیستەمێکی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکی و شوێنی هەڵگرتنی فڕۆکەکانی جۆری "ئێم کیو ٩" ی لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت وێران کردووە. لە بەرانبەردا، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت ڕوونکردنەوەی دا کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی سەرکەوتووانە هێرشەکانی تێکشکاندووە و دەنگی تەقینەوەکانیش دەرەنجامی خستنەخوارەوەی ئەو ئامانجانە بووە، هاوکات داوای لە دانیشتووان کرد پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن.
هاوشانی ئەم پێشهاتە سەربازییانە لە ناوچەکەدا، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە سەرتاسەری وڵاتدا چالاک کرد. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کردووە ئارامیی خۆیان بپارێزن و ڕوو لە پەناگە ئارامەکان بکەن، و جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەکی نوێ تەنها پشت بە کەناڵە فەرمییەکانی دەوڵەت ببەستن.
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەی بڵاو کردەوە کە بە درۆن بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکایان لە ئوردن بۆردومان کردووە و سوپای ئەو وڵاتەش رایگەیاند، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچی هێرشەکان دراوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە