1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
گۆتێرێس: جۆلان خاكی سووریایە و دەبێت پێشێلكارییەكان كۆتاییان بێت
پەیام
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەردانێكی مێژووییدا بۆ دیمەشق ڕایگەیاند: بەرزاییەكانی جۆلان خاكی سووریایە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گۆتێرێس جەختی لە سەروەری و سەربەخۆیی خاكی سووریا كردەوە و داوای ڕاگرتنی سەرجەم پێشێلكارییەكانی قەوارەی ئیسرائیلی كرد و ئاماژەی بەوە دا "ئەوەی هی سوورییەكانە دەبێت بۆ خۆیان بێت".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئاماژەی بەوە كرد "ئەم سەردانە نیشانەی گۆڕانی وڵاتەكەیەتی بۆ هاوبەشێكی كاریگەر لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا و دەرخەری قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندییەكاندا".
هەر لەو میانەیەدا، شەیبانی داوای كشانەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئیسرائیلی لە خاكە داگیركراوەكانی وڵاتەكەی كرد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەرەپێدانی هاوكارییەكان بۆ بونیادنانەوە كرا. شەیبانی ڕایگەیاند: نزیكەی سێ ملیۆن و 500 هەزار سووری بە ئارەزوومەندانە بۆ وڵاتەكەیان گەڕاونەتەوە.
گۆتێرێسیش دووپاتی كردەوە: نەتەوە یەكگرتووەكان لە تەنیشت گەلی سووریا دەوەستێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و گەیشتن بە سەقامگیری لە تەواوی خاكی وڵاتەكەدا.
لە دوای ساڵی 2009ەوە ئەمە یەكەم سەردانی ئەمینداری گشتییە بۆ سووریا و ئەم سەردانەش لە قۆناغێكی هەستیاردا دێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024دا، كە بەرەو ئاوەدانكردنەوە هەنگاو دەنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە