2 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
حوسییەكان بەرپرسیارێتی هێرشێكی مووشەكییان بۆ سەر سعودیە گرتە ئەستۆ
پەیام
حوسییەكان بەرپرسیارێتی هێرشێكی مووشەكییان بۆ سەر سعودیە گرتە ئەستۆ و چەندین تەقینەوە لە شاری جیزانی وڵاتەكە ڕوویان دا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز شاری جیزانی لە سعودیە هەژاند و ئاگر لە نزیك دامەزراوەیەكی نەوتیی ئارامكۆ بەدی كرا، بەرگری شارستانی سعودیە زەنگی ئاگاداركردنەوەی لە جیزان و یەنبوع لێدا و داوای لە دانیشتووان كرد لە شوێنی تەقینەوەكان دوور بكەونەوە.
گرووپی ئەنساروڵڵا، "حوسییەكان"ی یەمەن بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند ئەمە وەڵامێكە بۆ هێرشەكانی پێشووی سعودیە، محەمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسییەكان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە هەنگاوێكە بۆ "گەمارۆ بەرانبەر گەمارۆ" و گەلی یەمەن دەستبەرداری مافەكانی نابێت.
لەلایەكی دیكەوە، هێزە ئاسمانییەكانی سعودیە شەوی ڕابردوو زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر بەندەری حودەیدە و دوورگەی كەمەران لە یەمەن، كە بەهۆیەوە ژنێك بریندار بوو. ئەم ئاڵۆزییانە لەكاتێكدایە كە شەڕ و پێكدادانەكان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان لە زیادبوون كردووە و مەترسییەكانی سەر هێڵە بازرگانییەكان و دامەزراوە ستراتیژییەكان زیاتر بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە