1 کاتژمێر پێش ئێستا
237 جار خوێنراوەتەوە
ئهمریكا: هێرشهكانی سهر ئێران بههێزترن له پێشوو
پهیام
ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین پارێزگا و دوورگەی باشووری ئێران ئەنجامدا، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکانی پێشووی تاران بۆ سەر هێزەکانیان.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکان لە کاردانەوەکانی پێشوو بەرفراوانترن و ئامانج و ڕووبەرێکی جوگرافیی گەورەتر دەگرنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا پلانی بۆ هەڵمەتێکی ئاسمانیی درێژخایەن داڕشتووە کە ڕەنگە نزیکەی دوو هەفتە بخایەنێت. هێرشەکان ڕاستەوخۆ دوای لێـدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێن کە تێیدا بەڵێنی دا گورزێکی زۆر قورس لە تاران بوەشێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای پاسداران چەند ڕۆژێک پێشتر بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن.
هاوكات میدیا فەرمییەکانی ئێران بوردومانکردنی پارێزگاکانی خوزستان، هورمزگان، بوشەهر و فارس-یان لە باشووری وڵاتەکە پشتڕاستکردەوە. هێرشەکان بەشێوەیەکی چڕ کراونەتە سەر دوورگەکانی کیش، ئەبوو مووسا و قشم.
هاوکات، بەرپرسانی خۆجێیی خوزستان ڕایانگەیاندووە کە چەندین ناوچە لە دەوروبەری شارەکانی ئەهواز، ئابادان، شادگان و ئەروەندکەنار کراونەتە ئامانجی مووشەکەکانی ئەمریکا. هەروەها ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بە هێرشکردنە سەر دەوروبەری شاری کازرۆن لە پارێزگای فارس کردووە. ئەم زنجیرە بوردومانانە زیانیان بە ژێرخانی ناوچەکەش گەیاندووە و بوونەتە هۆی پچڕانی کاتیی تەزووی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکانی قشم و شاری ئەهواز.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە