1 کاتژمێر پێش ئێستا
239 جار خوێنراوەتەوە
سعودیە: هێرشەكانمان دژی حكوومەت و گەلی عێراق نەبووە و بۆ میلیشیاكان بووە
پەیام
سعودیە ڕایدەگەیەنێت: دوابەدوای بێئەنجامبوونی چارەسەرە دیبلۆماسییەكان هێرشمان كردە سەر میلیشیاكانی عێراق.
كەناڵی ئەخبارییەی سعودی لە سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە بڵاوی كردەوە: هێرشەكەی شانشینی سعودییە لە عێراق دوابەدوای بێئەنجامبوونی سەرجەم ڕێوشوێنە سیاسی و دیبلۆماسییەكان و ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتندا لە مانگەكانی ڕابردوودا دێت.
ئەو سەرچاوەیەی سعودیە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش دا كە سعودیە سوورە لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەت و گەلی عێراق، ئەو هێرشە ئاسمانییەش كە كراوەتە سەر ئەو وڵاتە دژی حكوومەت و گەلی عێراق نەبووە".
ئەو سەرچاوەیە ڕایشیگەیاندووە كە پڕۆسە سەربازییەكەی توانای میلیشیاكانی بەئامانج گرتووە كە هەڕەشە لە ئاسایشی سعودیە دەكەن و دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییە زیندووەكانی بەئامانج دەگرن.
وتوشیەتی: وەڵامەكە ورد و سنووردار بووە و تەنیا دامەزراوەی سەربازیی میلشیاكانی گرتووەتەوە.
لێدوانی ئەو سەرچاوەی سعودیە لەكاتێكدایە تا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەچووەتە ژێر باری ئەوەی هێرشەكان لەسەر خاكی وڵاتەكەیەوە ئەنجام درابێت.
ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەستەی حەشدی شەعبیی عێراقی كوژرانی 20 ئەندامی هێزەكانی و برینداربوونی 32ی دیكەی لە زنجیرەیەك هێرشی سعودیە و ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی لە حەوت پارێزگای عێراق ڕاگەیاند.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە