1 کاتژمێر پێش ئێستا
182 جار خوێنراوەتەوە
فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەمریكا لە كالیفۆرنیا كەوتە خوارەوە و تێكشكا
پەیام
فڕۆكەیەكی جەنگیی جۆری ئێف-35 لە ویلایەتی كالیفۆرنیا كەوتە خوارەوە و فڕۆكەوانەكەشی بە سەلامەتی ڕزگاری بوو.
هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا ڕایانگەیاند، فڕۆكەیەكی جەنگیی پێشكەوتووی جۆری "ئێف-35-بی" لە نزیك بنكەی میرامار لە شاری سان دیێگۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیا كەوتووەتە خوارەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، فڕۆكەوانەكە توانیویەتی پێش تێكشكانی فڕۆكەكە بە پەڕەشووت خۆی هەڵبدات و بە سەلامەتی ڕزگاری بێت.
سوپای ئەمریكا ئەم ڕووداوەی وەك "جۆری ئەی" پۆلێن كردووە، كە تایبەتە بەو ڕووداوە سەربازییانەی زیانی گەورەیان لێدەكەوێتەوە بەرپرسانی سەربازی لێكۆڵینەوەیەكی وردیان دەستپێكردووە بۆ دیاریكردنی هۆكاری تەكنیكی ئەم ڕووداوە و پاراستنی سەلامەتی تاقمە ئاسمانییەكان لە داهاتوودا.
گرتە ڤیدیۆییەكان دەری دەخەن دووكەڵێكی چڕ لە شوێنی كەوتنەخوارەوەكە بەرز دەبێتەوە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە خەریكی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە بوون لە ناو كێڵگەیەكی نزیك بنكەكەدا. كاندیس هادلی، وتەبێژی ئاگركوژێنەوەی ناوچەكە جەختی كردەوە كە تیمەكانیان بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنەكە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەكە.
ئەمە هەشتەمین ڕووداوی لەو شێوەیەیە كە بۆ ئەم جۆرە فڕۆكە جەنگییە تۆمار دەكرێت، بەپێی داتاكانی تۆڕی سەلامەتی فڕین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیكەم 7 فڕۆكەی سەربازیی دیكەی ئەمریكا تێكشكاون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە