2 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشێكی ئاسمانی چڕ بۆ سەر ئێران دەكات
پەیام
میدیا ئەمریكییەكان بڵاویان كردەوە كە واشنتن ئامادەكاری بۆ هێرشێكی ئاسمانی چڕ بۆ سەر ئێران دەكات و ترەمپ بژاردەی جیاواز تاوتوێ دەكات.
چەند میدیایەكی گەورەی ئەمریكی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەوە بڵاویانکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بە وردی تاوتوێی ئەنجامدانی زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوەكانی وزە لە ناوخۆی ئێران دەكات.
ئاماژەشیان بەوەداوە كە ئەگەری هەیە ئەم هێرشانە لە پشووی كۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەست پێ بكەن.
بەپێی ڕاپۆرتەكان، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) پێشتر پلانێكی تۆكمەی بۆ هەڵمەتێكی ئاسمانی ماوەی دوو هەفتە بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەكان ئامادە كردووە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن هێشتا پلانەكان بۆ گۆڕانكاری كراوەن.
هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكا پێیان وایە هێرشێكی كورتخایەن بەڵام زۆر توند، كاریگەرتر دەبێت بۆ ناچاركردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان و شكاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی كە چەندین ساڵە بەردەوامە.
ئەم پلانانە بە وردی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلیش گەنگەشە كراون، هەرچەندە هێشتا سەرچاوەكان دەڵێن ڕوون نییە ئایا ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسە سەربازییەكەدا دەكات یاخود نا، بەڵام میدیاكان ئەگەری بەشداریی ئەو قەوارەیان بە بەهێز داناوە.
هاوكات، وتەبێژی كۆشكی سپی جەختی لەوە كردەوە كە ئێران بەردەوام دەبێت لە پێدانی باجێكی قورس تا ئەو كاتەی بە شێوازێكی جددی و بەگوێرەی ئەو مەرجانەی ترەمپ بە "مەبەستدار"یان دەزانێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و واز لە سیاسەتەكانی ئێستای دەهێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە